ئه‌م دەسخەتە لە شێوەی (بەیاض) دایە . نزیكەی (500) لاپەڕەیە . دەتوانرێ پێی بگوترێ (گەنجینەیی)* بایەخی زۆری پێدراوە، جۆگەلە جۆگەلە كراوە، قەراخەكانی زەڕكەفتكاریی كراون. چەند خەتخۆش بەشدارییان لە نووسینەوەیدا كردووە. بە فەرمانی شێخ حیسامەدین نووسراوەتەوە. لاپەڕەی(16) دێڕ (8) بەیت و كەمتر و زیاتری تێدایە. پێوانەكەی (11*20) ە.ماوەیەك كەمتەرخەمیی لە عاستیدا كراوە ، تەڕبوون و شپرزەیی پێوە دیارە، بەڵام كەمی لە ناوچووە. مێژووی ساڵی(1318ك = 1900ز) ی پێوەیە.ئەوانەی كە ناویان زانراوە لە بەشداربووان لە نووسینەوەیدا:
1– محەمەد حەسەنی كوڕی ئوەیسی عوسمانیی كە زانا و شاعیریش بووە نازناوی شیعری (عەلایی) بووە.
2 – گوڵباخ محەمەد عەلی .
3 – محەمەد سەعید.
بەیتەكانی مەولەوی تێدا ژمێردراوە و ژمارەیان گەیشتوەتە (1461) بەیت .بە درێژیی لە بەرگی پێنجەمی (بووژاندنەوەی مێژووی زانایانی كورد لە ڕێگەی دەسخەتەكانیانەوە) دا لەسەرینووسیوە.
سه‌رچاوه : دیوانی مه‌وله‌وی مه‌ل عه‌بددوڕەحیمی تاوگۆزی، كۆكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی، (2015) چاپی یه‌كه‌م، به‌رگی یه‌كه‌م ، لاپه‌ڕە: 23