ئه‌م كه‌شكۆڵه كه له شێوه‌ی (به‌یاض) دایه، ده‌كرێ وه‌ك پاشماوه‌ی كه‌شكۆڵێك ناوی ببه‌ین كه وێنه‌ی ئه‌م پاشماوانه‌مان كه‌م نین. ئه‌م به‌شه‌ی كه له ده‌ستدایه پاشماوه‌ی كه‌شكۆڵێكی نایابه، كه نه سه‌ره‌تاو نه كۆتایی دیار نییه. له ناویشیدا له چه‌ند جێگهیهككهوتن هه‌یه. ئه‌وه‌ی كه ماوه (50) لاپه‌ڕه‌یه. دێڕی لاپه‌ڕه‌كانی وه‌ك یه‌ك نین. له به‌شی شیعره‌كانیدا لاپه‌ڕه‌ی (12) به‌یت و زیاتری تێدایه. پهخشانهكانیشی وه‌ك یه‌ك نین. ئه‌م به‌یاضه به خه‌تی عه‌لی عهبدڕهحیم به‌گ نوسراوه‌ته‌وه، له شوێنێكی ناوه‌وه‌یدا نووسیویه ساڵی ( 1262 ك ) نووسیویه‌تییه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م مێژووه دروست بێت ئه‌و ئه‌م كه‌شكۆڵه یه‌كێكه له كه‌شكۆڵه كۆنه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردی و، له باره‌ی شیعری مه‌وله‌وی و قۆناغه‌كانی شیعری مه‌وله‌وییه‌وه بایه‌خێك تایبه‌تیی ده‌بێت، چونكه ئه‌و شیعرانه‌ی لێره‌دان شیعری سه‌رده‌می لاوی و گه‌نجی مه‌وله‌وی ده‌بن.
سه‌رچاوه: دیوانی مه‌وله‌وی مه‌لا عه‌بدوڕه‌حیمی تاوگۆزی ( 2023)، محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، لاپه‌ڕه : 110