ده‌ستخه‌تی چناره‌یی
جۆری دەست خەت :كه‌شكۆڵ
بە دەستی کێ نوسراوە: شێخ محه‌مه‌دی كوڕی شێخ محه‌مه‌دی كوڕی شێخ مصطه‌فای چناره‌یی
مێژووی دەستخەت: 1329 ك
ژمارەی پەڕەکان:135
شیعری مەولەوی لە دەستخەتەکەدا:

150 پارچه‌ شیعر

كورتە باسێك دەربارەی ئەم دەستخەتە

ئه‌م ده‌ستنووسه‌ش یه‌كێكی دییه‌ له‌ ده‌ستخه‌ته‌ نایاب و گشتگیره‌كانی دیوانی مه‌وله‌وی، و نوسه‌ره‌وكه‌ی بۆ دیوانی مه‌وله‌وی ته‌رخان كردووه‌ و به‌شێكی زۆری له‌ شیعره‌كانی مه‌وله‌وی تێدا كۆ كردوه‌ته‌وه‌. شێخ محه‌مه‌دی كوڕی شێخ محه‌مه‌دی كوڕی شێخ مصطه‌فای چناره‌یی ڕۆژی  (29) ڕه‌بیعولئاخری ساڵی (1329 ك) له‌ نوسینه‌وه‌ی بووه‌ته‌وه‌. و (150) پارچه‌ شیعری مه‌وله‌وی تێدایه‌.

نوسه‌ره‌وه‌كه‌ی پابه‌ندی ڕێبازێكی تایبه‌تیی نه‌بووه‌ و، وه‌ك دیوانه‌كانی دی مه‌وله‌وی – كه‌شكۆڵئاسا – هه‌ر چیی له‌ شیعری مه‌وله‌وی ده‌ستكه‌وتووه‌، یان له‌ ڕووی ئه‌و ده‌ستخه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ستیدا بووه‌، دیوانه‌كه‌ی نوسیوه‌ته‌وه‌. وادیاره‌ له‌ دوو سێ به‌ش یان ده‌فته‌ردا نوسیویه‌تییه‌وه‌، له‌ كاتی وێنه‌گرتنه‌وه‌دا شپرزه‌بوونیان پێوه‌ دیاره‌. تێكڕا 136 لاپه‌ڕه‌ی ماوه‌، نووسه‌ره‌وه‌كه‌ی له‌ زێد و ناوچه‌ی تاوگۆزییه‌وه‌ دوور نه‌بووه‌، له‌ هاوه‌ڵان و قووتابیانی قوتابخانه‌ی مه‌وله‌وی بێ ئاگا نه‌بووه‌، له‌وانه‌یه‌ گه‌لێ شتی زانیبێ كه‌ كه‌سانی دی وه‌ك ئه‌و ئاگادار نه‌بووبن. جارجار له‌ ناو دێڕه‌كان و له‌ ژێرنووسی شیعره‌كاندا شتی تۆمار كردووه‌.

سه‌رچاوه‌:  دیوانی مه‌وله‌وی مه‌لا عه‌بدوڕه‌حیمی تاوگۆزی  ( 2023)، محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، لاپه‌ڕه‌ : 122، 123