وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی سلێمانی له‌دوای سازدانی میهره‌جانێك به ناوی میهره‌جانی مه‌وله‌وی بۆ شاعیر و زانای گه‌وره‌ی كورد مه‌ولەوی و له ساڵی 2000دا له شاری سلێمانی و به ئاماده‌بوونی زۆرێك له نووسه‌ر و ڕووناكبیر و ئه‌ده‌بدۆستانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رجه‌م ئه‌و وتار و لێكۆڵینه‌وه و بابه‌تانه كه له ڕۆژانی میهرهجانهكهدا پێشكه‌ش كراون، له دووتوێی (332) لاپه‌ڕه‌دا بڵاو كرایه‌وه و به‌خشرایه ئاماده‌بووانی میهره‌جانه‌كه.
پێشه‌كییه‌كی دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ و باسێك له‌سه‌ر كتێبی “زوبده‌ی عه‌قیده”ی مه‌وله‌وی كه به‌دیاری پێشكه‌ش به میوانانی میهره‌جانه‌كه كراوه. پاشان ئه‌و وتار و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه له میهرهجانهكهدا پێشكه‌ش كراون، له‌وانه: (مه‌وله‌وی ژیان و به‌رهه‌می، دوو وشه‌ی تر بۆ مه‌وله‌وی، بۆ میهره‌جانی شاعیری گه‌وره‌مان مه‌وله‌وی له سلێمانی، چه‌ند وێنه‌یه‌كی گهشتهوهرزی ناخی مه‌وله‌وی، ده‌رگایه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له هۆنراوه‌كانی مه‌وله‌وی، هێماسازی له‌ناو شیعره‌كانی مه‌وله‌ویدا، چه‌ند لایه‌نێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له ژیان و شیعره‌كانی مه‌وله‌ویی تاوگۆزیدا، حه‌كیم مه‌وله‌ویی كورد، بۆ میهره‌جانی مه‌وله‌وی، مه‌وله‌وی و گه‌رمه‌سێر، ساتێ له‌گه‌ڵ مه‌وله‌ویدا).