مه‌حوی شاعیر له ساڵەكانی (1836-1906ز) ژیاوه وه‌ك ئاشكرایشه ژیانی مه‌وله‌ویش له نێوان (1806-1882ز) كه‌واته له ته‌مه‌نێكی حه‌فتا ساڵه‌ی مه‌حویدا زیاد له نیوەی تەمەنی هاوكاتە لەگەڵ ماوه‌ی ژیانی مه‌وله‌ویدا ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه مه‌لاعوسمانی باڵخی (باوكی مه‌حوی شاعیر) وه‌ك مه‌وله‌وی شاعیر یه‌كێك بوون له 86 خه‌لیفه‌كه‌ی شێخ عوسمانی سیراجه‌ددینی ته‌وێڵه و پاش شێخی سیراجهددینیش هه‌ردووكیان واتا هه‌م مه‌وله‌وی و هه‌م مه‌حویش خه‌لیفه‌ی شێخ محمد بهاءالدینی ی كوڕی شێخی سیراجه‌ددین بوون كه‌واته وه‌ك مێژوو وه‌ك له گفتوگۆ چڕەكانی سه‌ر ژیانی مه‌وله‌ویدا هه‌میشه باس ده‌كرێت ئه‌بێت په‌یوه‌ندی مه‌وله‌وی و مه‌حوی په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر پته‌وتر بوبێت له‌وه‌ی كه باسی لێوه‌ده‌كرێت وه ده‌گونجێت به هۆی سوتانی كتێبخانه و نوسینه‌كانی مه‌وله‌وییه وه زۆر نامه و هه‌ستی به‌رزی نێوان ئه‌م دوو كه‌ڵه شاعیره‌ی دونیای عیرفان و ته‌سه‌وفه هه‌بێت و ده‌ستمان نه‌كه‌وتبێت گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ش ئه‌م شیعره‌ی حەزره‌تی مه‌حوییه كه شین بۆ لهدونیادهرچونی مه‌وله‌وی دەگێڕێت و مێژوی وه‌فاته‌كه‌شی دیاری ده‌كات وە بگره باس له خۆشه‌ویستی كه‌موێنه‌ی حه‌زره‌تی مه‌وله‌وی بۆ خێزانی كۆچكردوی (عهنبهرهخاتوون) ده‌كات
ده‌وری هه‌ر چاوێكی ئه‌مڕۆ داوه سه‌د فه‌وجی به‌لا
دین و دڵ یه‌غما ده‌كه‌ن ، چاری كه‌ن ئه‌ی شێخ و مه‌لا
وه‌سیه‌تی مه‌جنوونه : هه‌ركه‌س ده‌ردی دنیا عاره بۆی
خۆ بكا وه‌ك من به ده‌ردی عیشقی یارێ موبته‌لا
كۆتری دڵ ، چهنگولی بازی قه‌زا یه‌عنی موژەی
دی بە زوڵفی چوو په‌نا با كه‌وته نێو داوی به‌ڵا
وه‌قتی نوێژی سه‌ر جه‌نازه‌ی بۆ شه‌هیدی عیشق دۆست
مه‌وج ئه‌دا ئه‌م ئاسمانانه له ده‌نگی ((اَلصَّلا))
تا نه‌بووری تۆ له سه‌ر، رێ ناخه‌یه مه‌یدانی عیشق
سه‌ر له پێشی پێ ده‌بێ له‌م رێگه دانێی ((اَوَّلا))
توركی من كوشتارخانهی عاشقانی دی ، وتی:
من ((برنجی بر یزید)) ، ئێره ((ایكنجی كربلا))
((مه‌حوی)) ئه‌مشه‌و ئه‌و په‌ری شێوه‌ی له خه‌و دیبێ ، ده‌بێ
بۆیـه ئـه‌مـڕۆ ((مـهولـهوی)) كـهوتـۆتـه حـاڵـی حـهلـوهلا
مامۆستا عبدالكریمی مودەریس كە بە هاوكاری كاكە حەمەی كوڕی لێكۆڵینەوەیان لەسەر دیوانی مەحوی كردووە بەم شێوازەی لای خوارەوە ڕاڤای ئەم شیعرەمان بۆ دەكات:
ئه‌م پارچه شیعره، چ له ده‌ستنووسه‌كانی به‌رده‌ستماندا و چ له نوسخه چاپهكهشدا ، به‌پێی ریزی پیته‌كانی ئهلف و بێ بۆ ((لامهلفهلا)) دانراوه كه له‌پێش ((ی)) وه دێ . دیاره مه‌حویش ، وه‌ك شاعیره‌كانی تری سه‌رده‌م و پێش خۆی ویستوویه بۆ هه‌ر پیتێك پارچه شیعرێكی هه‌بێ. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه كه‌له ڕاستیدا پیتێك نیه ناوی ((لامهلفهلا)) بێ، ئێمه گێڕامانه‌وه جێگای راسته‌قینه‌ی خۆی له پیتی ((ئه‌لیف))دا .
مه‌حوی ئه‌م پارچه شیعره‌ی به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی سه‌رده‌سته‌ی شاعیرانی عیشق دۆستی كورد ((مه‌وله‌وی))یه‌وه وتووه.
(1)یه‌غما:تاڵان.
واته:چاوه‌كانی یار ئه‌وه‌نده فیتنه گێڕ و ئاشووباوین، هه‌ر یه‌كێكیان سه‌د فه‌وج به‌ڵای به ده‌وردایه، دین و دڵی دڵداران به تاڵان ده‌به‌ن ، ده‌سا شێخ و مهولاینه خۆتان و غیره‌تتان ، چاره‌یه‌كی بۆ بدۆزنه‌وه.
(2)واته: مه‌جنوون كه سه‌رده‌سته‌ی عاشقانه رای سپاردووه كه‌وا كێ ده‌ردی دنیای پێ عاره و نایه‌وێ گرفتاری ببێ و بكه‌وێته داویه‌وه، با وه‌ك ئه‌و ڕێگای عیشق بگرێته به‌ر و خۆی گرفتاری ده‌ردی عیشقی یارێك بكا ، چونكه ته‌نها له ڕێگای دڵدارییه‌وه بنیاده‌م ئازادی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌ستێنێته‌وه و له داوی دنیا و دنیاپه‌رستی ده‌رباز ده‌بێ.
عاره بۆی(ن): بارهلێی.
(3)چهنگول:چنگ.
واته: كۆتری به‌سه‌زمانی دڵ، چنگی بازی قه‌زاو قه‌ده‌ری دی كه برژانگی یاره، له ترسا چوو په‌نای به زوڵفی برد خۆی تیا حه‌شاربدا، كه‌چی له‌وێیش كه‌وته داوی به‌ڵای زوڵفیهوه.
(4)الصلا: ((الصلاة)) ، وه‌رن بۆ نوێژ.
واته: له كاتی نوێژی شه‌هیدی عیشق دۆستدا كه مه‌وله‌وییه ، ئه‌م ئاسمانانه هه‌موو ده‌نگ ده‌ده‌نه‌وه له بانگه‌وازی بانگ كردنی فریشته‌كان بۆ كردنی نوێژی جه‌نازه.
ئه‌م به‌یته ئیشاره‌ته به‌و حه‌دیسه كه ده‌گێڕێته‌وه : جارێكیان یه‌كێ له ئه‌سحابه‌كانی پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای لێ بێ) شه‌هید كرابوو، پێغه‌مبه‌ر(د.خ) فه‌رمووی: نوێژی له‌سه‌ر مه‌كه‌ن چونكه شه‌هید له‌لایه‌ن فریشته‌كانی ئاسمانه‌وه نوێژی له‌سه‌ر ده‌كرێ.
(5) واته: ئه‌و كه‌سه‌ی ڕێگای دڵداری بگرێته به‌ر، ده‌بێ ده‌ستبه‌رداری گیانی خۆی ببێ… ده‌بێ به‌رله‌وه‌ی هه‌نگاو هه‌ڵبێنێته‌وه ده‌ست له گیانی خۆی داشوا، چونكه ئه‌م ڕێگایه به ((سه‌ر)) تهی ده‌كرێ نه‌ك به ((پێ))…
(6) واته: كه یار كوشتارخانهی دڵداره‌كانی خۆیی دی ، وتی: من یه‌زیدی یه‌كه‌مم و ئه‌م شوێنه‌ش كه‌ربه‌لای دووهه‌مه.
ئه‌م به‌یته ئیشاره‌ته بۆ كاره‌ساتی كوشتنی حوسه‌ینی كوڕی عه‌لی كوڕی ئه‌بوتالیب و هاوڕیكانی له ده‌شتی كه‌ربه‌لا، له‌سه‌ر ده‌ستی له‌شكری یه‌زیدی كوڕی موعاویه‌دا.
(7) واته: مه‌حویا، ره‌نگ بێ ئه‌مشه‌و ((مه‌وله‌وی)) عه‌نبه‌ر خاتوونی په‌ری شێوه‌ی یار و ژن و خۆشه‌ویستی خۆی له خه‌ودا دیبێ ، وا ئه‌مڕۆ كه‌وتووه‌ته حاڵی حه‌لوه‌لا و خه‌ریكه ده‌مرێ ((و مرد)) ، تا بڕۆا خۆی پێ بگه‌یه‌نێ و له ڕیگای عیشقیدا شه‌هید ببێ.
رسته‌ی ((ئه‌مڕۆ مه‌وله‌وی كه‌وتۆته حاڵی حه‌لوه‌لا)) له نیوه‌ی دووهه‌می ئه‌م به‌یته‌دا ، به حورووفی ئه‌بجه‌د و به‌پێی شێوه‌ی نووسینی فارسی ئامێزی جارانی كوردی، واته به‌م جۆره: ((امر و مولوی كوتوته حالی حلولا)) ده‌كاته 1300، كه ئه‌وه‌ش به ساڵی كۆچی ، ساڵی كۆچی دوایی مه‌وله‌وییه كه به‌رابه‌ری ((1882-1883ی-ز))یه.
سه‌رچاوه‌كان:
-تاریخی سلیمانی ووڵاتی له نوسینی (محمد امین زه‌كی) لاپه‌ڕە 230 ساڵی1939
-دیوانی مه‌حوی “مه‌لا موحه‌ممه‌دی كوڕی مه‌لا عوثمانی باڵخی” لێكدانه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی (مه‌لا عهبدالكریمی مدرس و محمدی مه‌لا كریم، پارچه‌ی (10)ی پیتی (ئه‌لیف)ی به‌شی غه‌زه‌لیات لاپه‌ڕه 27 ساڵی 1977.
-دیوانی مه‌وله‌وی “له‌سه‌ر بناغه‌ی تێكۆشانی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌رریس” ، پێداچوونه‌وه و رێك و پێك كردن و زیادكردنی شیعره چاپ نه‌كراوه‌كان “حه‌سه‌ن گۆران موحه‌مه‌د حیجازی” چاپی یه‌كه‌م ساڵی 2704ی كوردی.
-یادی مەردان بەرگی دووهەم (مەلاعبدالكریمی مدرس) لاپەڕە 23 ساڵی1983
تێبینی:
خوێنەری بەڕێزی پەڕەی ( www.facebook.com/mawlawi.krd ) ئاگاداردەکەینەوە کە لە ڕوی ڕێنوسەوە لە هەر سەرچاوەیەک بابەتاکان وەر دەگرین هەوڵ دەدەین وەک خودی سەرچاوەکە بێ دەستکاری نوسین و ڕێنوسەکە بگوازینەوە.